ڕەنگدانەوەی تاوانی گازبارانی هەڵەبجە لە میدیای ئێرانییدا، ڕۆژنامەی ئیتلاعات به نمونە
هۆشمەن عەتا مەحمود
گەلی كورد لە باشوری كوردستان لە دروستبوونی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقەوە بۆ بەدەست هێنانی مافە سیاسی و مەدەنییەكانی لە هەوڵ و تێكۆشاندا بووە، لەو ڕێگایەشدا دووچاری چەندین جەنگ و نەهامەتی بووەتەوە. لە دیارترین ئەو ڕوداوو و مەرگەساتانە، تاوانی گازبارانی هەڵەبجەیە لە 16ی ئاداری 1988. ئەو ڕووداوە ئەگەرچی تراژیدیایەك بوو بۆ خەڵكی ناوچەكە، بەڵام لە دواتردا بە بردنە پێشەوەی دۆزی كورد و دروستبوونی هاوسۆزییەكی جیهانیی، كاریگەریی بەرچاوی هەبوو. ئەگەرچی تاوانەكە لە رووى نێودهوڵهتيهوه له كۆتاييهكانى جەنگی سارد و لەسەر ئاستی هەرێمییش، شەڕی عێراق-ئێران لە ئارادابوو، لەو دۆخەشدا دەنگی كورد نەبیستراوبوو، بەڵام بەهۆی گرنگی پێدانی ئێران بە تاوانەكە و هەوڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانی ئاستی سیاسیی، دیبلۆماسیی و میدییایی كە بوویە هۆی بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتیی لەڕووی تەندروستی و ئابووریی بۆ زیانلێكهوتوانى ڕوداوەكە، ئەو پرسە لە ئاستی ناوخۆیی عێراق دەرچوو، لە میدیای جیهانیدا دەنگی دایەوە. لە ناوخۆی ئێراندا، ڕۆژنامەی ئیتلاعات كە یەكێكە لە ڕۆژنامە دێرين و گرنگەكانی ئێران، بەدرێژایی چەندین هەفتە لە دوای تاوانهكه ڕوماڵی چڕوپڕی لێكەوتە مرۆییی، تەندروستی، سیاسی، كلتووریی و نێودەوڵەتییەكانی ئەو ڕوداووە كردووە، كە دەكرێـت وەك سەرچاوەیەكی بەسود بۆ تێگەیشتن لە لێكەوتە و ڕەوتی ڕووداوەكانی پاش شانزەی ئادار بەكاربهێنرێت، هەربۆیە لەم توێژینەوەیەدا، هەوڵدراوە بەپشتبەستن بە چەند ژمارەیەكی ڕۆژنامەكە، ڕادەی گرنگی پێدان و ڕانگدانەوەی تاوانی گازبارانی هەڵەبجە لە رژنامەی ئیتلاعات دا ڕوون بكرێتەوە.
NASIN-RES-000002
- ckb
- ar
- en