دامەزراوەی ناسین بۆ توێژینەوە بە فەرمی کرایەوە؛ یەکەمین دامەزراوەی سەربەخۆی توێژینەوە لە پارێزگای هەڵەبجە
لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دامەزراوەی ناسین بۆ توێژینەوە لە هەڵەبجە بە فەرمی کرایەوە. ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، بەرپرسان و نوێنەرانی دامەزراوە حکومی و مەدەنییەکان، ئەکادیمییان، نووسەران و چالاکوانان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، دامەزراوەی ناسین بۆ توێژینەوە لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە شاری هەڵەبجە کرایەوە. ناسین وەک یەکەمین دامەزراوەی سەربەخۆی توێژینەوە لە پارێزگای هەڵەبجە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی توێژینەوە، دۆکیومێنتکردن و پاراستنی مێژوو و بەڵگەنامەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە کاریگەرەکان، بەشدار بێت لە پەرەپێدانی زانیاری و کۆمەڵگەی ناوچەکە.
ڕێوڕەسمی کردنەوەکە بە ئامادەبوونی د. پێشەوا عومەر، سەرۆکی دامەزراوەی ناسین؛ خاتوو نوخشە ناصح، پارێزگاری هەڵەبجە؛ پ. د. بەمۆ پەروێز عزیز، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە؛ سمکۆ سالار موشیر، قایمقامی هەڵەبجە؛ سەردار ئەمین فەتاح و بەرزان حەمەڕەشید نەجیب، جێگرانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە؛ و سەلام بیلال ئەسکەندەر، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان، ئەندامان و نوێنەرانی دامەزراوە حکومی و مەدەنییەکان، ناوەندە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ نووسەران، توێژەران، چالاکوانان و کەسایەتییەکانی هەڵەبجە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمەکەدا کرد.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، میوانان گەشتێکیان بە ناو بینا، ژوور و بەشە جیاوازەکانی دامەزراوەی ناسین کرد و لە نزیکەوە بە پێکهاتە، بەرنامەکان و بوارەکانی کاری دامەزراوەکە ئاشنا کران.
پاشان، لە دانیشتنی فەرمیی ڕێوڕەسمەکەدا، د. پێشەوا عومەر، سەرۆکی دامەزراوەی ناسین، وتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و باس لە گرنگی دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆ بۆ توێژینەوە، زانیاری، دۆکیومێنتکردن و خزمەتکردنی کۆمەڵگە کرد.
دواتر، خاتوو نوخشە ناصح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە وتارێکدا خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی کردنەوەی دامەزراوەی ناسین دەربڕی و جەختی لە گرنگی بوونی دامەزراوەی توێژینەوەیی و زانستی لە پارێزگای هەڵەبجە کردەوە. هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ کار و بەرنامەکانی دامەزراوەکە دەربڕی.
لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، پ.ی.د. هۆشمەن عەتا مەحمود، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ناسین، پرێزنتەیشنێکی تایبەتی پێشکەش کرد و تێیدا دیدگا، پەیام، ئامانجە ستراتیژییەکان، پێکهاتە و بەشەکانی دامەزراوە و بوارە سەرەکییەکانی کاری ناسینی خستەڕوو.
دامەزراوەی ناسین بۆ توێژینەوە دامەزراوەیەکی ناحکومی، سەربەخۆ و قازانجنەویستە و بە دروشمی «زانیاری بۆ پێشکەوتن» کار دەکات. توێژینەوە و بڵاوکراوە زانستییەکان، ئەرشیفی دیجیتاڵ، پاراستنی بەڵگەنامە و میراتی مێژوویی، مێژووی زارەکی، کتێبخانە، پڕۆژە و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگە، پۆدکاست و میدیا، لە بوارە سەرەکییەکانی کاری دامەزراوەکەن.
ناسین هەوڵ دەدات توێژینەوە و زانیاری بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە ببەستێتەوە، مێژوو و یادەوەریی هەڵەبجە بپارێزێت و لە ڕێگەی هاوکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بەشداری لە گەشەپێدانی هەڵەبجە و ناوچەکەدا بکات.
دامەزراوەی ناسین بۆ توێژینەوە بە بەرزەوە نرخ بۆ ئامادەبوون و بەشداریی هەموو میوانان، بەرپرسان، نوێنەرانی دامەزراوەکان، ئەکادیمییان، نووسەران و چالاکوانان دادەنێت و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکات کە بە ئامادەبوونیان ڕێوڕەسمی کردنەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.














هەواڵی تر
دامەزراوەی ناسین و پەیمانگەی AIPG گفتوگۆیان لەبارەی کاری هاوبەش و پاراستنی بەڵگەنامە و ئەرشیفی دیجیتاڵی کرد
دامەزراوەی ناسین و پەیمانگەی ئاوشتڤیتز (AIPG) لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلایندا گفتوگۆیان لەبارەی هاوکاری، پاراستنی بەڵگەنامە و ئەرشیفی دیجیتاڵی و پێشگیری لە جینۆساید کرد و ڕێککەوتن کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.
بەڕێوبەری گشتی دامەزراوەی ناسین بەشداری لە سیمپۆزیۆمی پەیپەرە نایابەکان کرد
ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، د. هۆشمەن عەتا، بەڕێوبەری گشتی دامەزراوەی ناسین بۆ توێژینەوە، بەشداری لە کۆنفرانسی پەیپەرە نایابەکان کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی کەیسان بۆ توێژینەوە ڕێکخرابوو.